که‌نیشک
ماریۆ بارگاس یوسا
و: هه‌رمان وه‌تمانی
که‌نیشک
هاوته‌مه‌نی ژولیه‌ت شێکسپییه‌ره، چارده ساڵێتی، به‌سه‌رهاتی له چه‌شنی ئه‌و دڵته‌زێن و ڕۆمانتیکه. ده‌لاله. به تایبه‌ت که ده‌ڕوانێ لاجامه‌ی. ده‌موچاوی درێژ و جوانی به کوڵمه‌ی قه‌تیس و چاوی گه‌وره و تا ڕاده‌یه‌ک بادامی نیشانده‌ری ڕه‌چه‌ڵه‌کێکی دووره له ڕۆژهه‌ڵات. ده‌می نیوه تاکه، ده‌ڵێی به ددانه چه‌رمو و ساغه‌کانی دنیای ده‌کێشێته په‌لاماری به‌رخۆدانی. ددانه‌کانی که هێندێک به‌رجسته‌ن لێوی سه‌رووی له چه‌شنی خنجکه‌ی خونچه گوڵێک هه‌ڵکێشاوه‌ته سه‌ر. پرچی زێده ڕه‌شی که له ته‌وقه‌سه‌ری به دوو لادا کراوه‌یه وه‌ک چوارلۆی بووک، تۆپه‌ڵی ڕووی گرتووه و له پشته سه‌ری بۆته پرچێکی هۆنراوه که ده‌گاته سێوه‌نگی و له ناوقه‌دی خول ده‌خواته‌وه. بێ ده‌نگ و حه‌ڕه‌که‌یه، له که‌سایه‌تییه‌ک ده‌چێ له شانۆیه‌کانی ژاپۆن دا، کراسێکی نه‌رم‌و‌نیانی له په‌شمی "ئالپاکا" له‌به‌ردا. ناوی "خوانیتا"یه.
پتر له چوارسه‌د ساڵ له‌مه‌و به‌ر له دایک بووه، له شوێنێک به ناوی ئاند، ئێستا له سندووقێکی شوشه‌یی له سه‌رمای نه‌ود ده‌رجه‌ی ژێر خاڵ‌دا دوور له وه‌زه‌نگی مرۆڤ و ڕزان به‌سه‌ر ده‌بات.
من له مومیاییه‌کان بێزارم، هه‌ر جاره که یه‌کیانم له مۆزه‌خانه، گۆڕه که‌وناراکان یان له کلکسیونه تایبه‌تییه‌کان بینیوه هێڵنجم داوه، ئه‌و هه‌ست و سۆزه‌ی کاپۆڵه کون کونه‌کان و بۆشی قاپیلکه چاوه‌کان و ئیسکه پروسکاوییه‌کان که نیشانگه‌ری شارستانییه‌ته‌کانی ڕابردوویه، له زۆرینه‌ی خه‌ڵک (و نه ته‌نیا که‌وناراکان)دا به‌دی دێنێ، هیچ کات له منی دا به‌دی نه‌هێناوه. ئه‌و مومیاییانه ده‌بنه هۆکارێک بۆ بیر کردنه‌وه‌م که چ سامناک ده‌بین گه‌ر ڕازی نه‌بین به سووتانی له‌شمان.
هۆی ڕه‌زامه‌ندیم له دیداری "خوانیتا" که مۆزه‌خانه گچکه‌که‌ی زانستگای کاتۆلیکی ئارکیپا تایبه‌ت به‌وی ساز کردووه، حه‌زی هه‌ڤاڵی نیگارکێشم "فێرناندۆد سیزێتسلۆ" بوو که شه‌یدای مێژووی به‌ر له "کۆلۆمب"ه، شکم له‌وه‌دا نه‌بوو که تماشای که‌له‌سته‌ی ئه‌و مناڵه له‌مێژینه‌یه حاڵم تێک ده‌دا، به‌ڵام له هه‌ڵه‌دا بووم، هه‌ر که چاوم پێی که‌وت ڕاچڵه‌کیم و شێتی جوانی بووم. له‌به‌ر قسه و باسی دراوسێیان نه‌بوایه ئه‌و که‌نیشکه‌م ده‌دزی و ده‌مبرده‌وه ماڵێ و ده‌مکرده دۆس و هاوبه‌شی ژیانم.
به‌سه‌رهاتی خوانیتا ئه‌وه‌نده سه‌یر و سه‌مه‌ره‌یه که له ڕووخسار و ڕواڵه‌تی دا به‌یان ناکرێ، ڕواڵه‌تێک که هه‌م ده‌توانێ هی که‌نیزێکی گوێڕایه‌ڵ بێ و هه‌م ده‌توانێ هی شاژنێکی به‌ده‌عیه و لاسار.
ڕۆژی 18ی سێپتامبه‌ری 1995 یوهان ڕاینهاردی شوێنه‌وارناس هاوڕیی ڕێنمایه‌کی ئاندی "میگێل ساراته" سه‌رقاڵی بڕینی لوتکه‌ی ئاگرپژێنی ئامپاتو (به به‌رزایی 20702) هه‌ڵکه‌وتوو له باشووری پێرۆ بوون. ئه‌وان وه‌شوێن ئاسه‌واری به‌رله‌مێژوو نه‌که‌وتبوون، ده‌یانویست له نزیکه‌وه چاوێک له گڕکانی په‌نایان، لوتکه‌ی به‌فرینی سابانگایا بکه‌ن که هاوکات بازره‌قه‌ی ده‌کرد. تۆپه‌ڵێکی تۆزاویی به تین ده‌ڕژایه سه‌ر ئامپاتو و به‌فره‌کانی سه‌ر لوتکه‌ی ده‌کرده ئاو. ڕاینهارد و ساراته ئیتر گه‌یشتبوونه نزیک دوند. له ناکاو ساراته چاوی به زراڤێکی ڕه‌نگین که‌وت له ناو به‌فره‌کانی لوتکه. ئه‌وه په‌ڕی کڵاو یان سه‌ربه‌ندی ئیینکا بوو. پاش که‌مێک لێکۆڵینه‌وه شتی زۆرتریان دۆزێوه، کفنێکی چه‌ن قه‌د که به هۆی سووانی سه‌هۆڵی دوند له ژێر سه‌هۆڵه‌که وه‌دیار که‌وتبوو و دووسه‌د میتر دوورتر له‌و شوێنه‌ی لێی نێژرابوو خزیبووه خواره‌وه. ئه‌م داکه‌وتنه خه‌ساری نه‌گه‌یاندبووه خوانینا. ته‌نیا پۆشه‌نی ڕووی دڕاندبوو. یوهان ڕاینهارد له ماوه‌ی بیست و سێ ساڵ شاخه‌وانی ــ هه‌شت ساڵ له هیمالیا، پازده ساڵ له کێوه‌کانی ئاند ــ هه‌رگیز وه‌ها هه‌ست و ئیحساسێک داینه‌گرتبوو که ئه‌وێ ڕۆژێ سه‌ر له به‌یانی له به‌رزایی 20702 میتری ڕووکه‌شی زه‌ریا، له ژێر خۆری به‌تین کاتێک که ئه‌م که‌نیشکه‌ی ئینکای له باوه‌ش کرد. یوهان ئه‌و گرینگۆ خۆشه‌ویسته، به ئاو و تاوی شوێنه‌وارناسان، که ـ بۆ یه‌که‌م جار له ژیانم دا ــ تێگه‌یشتبووم، گشت باسه‌که‌ی گێڕایه‌وه.
ئه‌وان ده‌یانزانی که بێتوو خوانیتای له‌وێ به‌جێ بێڵن و بۆ یارمه‌تی خوازتن بڕۆنه خوارێ یان چه‌ته‌ی گۆڕه مێژووییه‌کان ده‌گه‌نه سه‌ری یان لافاو ده‌گه‌ڵ خۆی ده‌یبات، هه‌ر بۆیه بڕیاریان دا که له‌گه‌ڵ خۆیان بیبه‌ن. ڕاپۆڕتی سێ ڕۆژ هاتنه خوار له ئامپاتو و هه‌ڵگرتنی خوانیتا (بوخچه‌یه‌کی چل کیلۆیی که له تێله‌که‌ی شوێنه‌وارناس به‌سترابۆوه) هێنده ورووژێنه‌ره که فیلمێکی باشی لێ ده‌ردێ و دڵنیام که دره‌نگ یا زوو فیلمێکی لێ ساز ده‌کرێ.
ئه‌مڕۆ که نزیک دوو ساڵ له‌م ڕووداوه تێپه‌ڕ ده‌بێ خوانیتای خۆشه‌ویست له جیهان دا ناسراوه. له ژێر چاوه‌دێری کۆمه‌ڵگای جوگرافیای نه‌ته‌وه‌یی سه‌فه‌ری وڵاته یه‌کگرتووه‌کانی کردووه و له‌وێ نزیک دووسه‌د و په‌نجا هه‌زار که‌س، له‌وان سه‌رۆک کۆمار کلینتۆن به دیتنی هاتوون.
نه‌شته‌رگه‌رێکی به ناوبانگی ددان نووسی: بریا کچانی ئه‌مریکایی ددانی چه‌رموو، ساغ و بێ عه‌یبیان وه‌ک ئه‌و لاوه پێرۆییه هه‌بوایه.
له زانستگای جان هاپکینێز به پێشکه‌وتووترین ده‌زگاکان لێکۆڵینه‌وه‌یان له‌سه‌ر خوانیتا به ئه‌نجام گه‌یاند و ئه‌م که‌نیشکه پاش ئه‌م هه‌مووه تاقیکردنه‌وه و توێژینه‌وه و به تێڕامانی کۆمه‌ڵێک پسپۆڕ و ماکینه‌چی گه‌ڕایه‌وه ئارکیپا و تابووتی کامپیۆتێری خۆی. ئه‌م تاقیکردنه‌وانه به‌سه‌رهاتی ئه‌وی به سرنجێک که شیاوی داستانه زانستییه‌کانه بێ ساز دا.
ئه‌و که‌نیشکه بۆ ئاپۆی ــ وشه‌یه‌کی ئینکایی به مانای خوا ـ ئامپاتو له لوتکه‌ی ئه‌م کێوه قوربانی کرا تا ڕک و تووڕه‌یه‌یی ئه‌و خوایه دامرکێنێ و به‌هره و خۆشی بۆ هێڤری ناوچه‌که دابین بکا. دروست شه‌ش سه‌عات به‌ر له مردن قاپێکیان ئاشی سه‌وزی دایه بیخوا. گشت مادده‌کانی به کارهاتوو له‌م خۆراکه‌دا له لایه‌ن گرۆپێک له زینده‌وه‌رناسه‌کان دیاری کراوه. نه ملیان بڕیوه و نه خنکاندویانه. مردنی ئه‌و له ئاکامی وێکه‌وتنی زه‌ربه‌یه‌کی ورد له شه‌قه‌ی ڕاستی سه‌ری بووه. زه‌ربه‌که هێنده به وردی و شاره‌زایانه لێدراوه که له‌وانه‌یه ئه‌م که‌نیشکه هه‌ر ئێشیشی پێ نه‌گه‌یشتبێ، دکتۆر خۆسه ئانتێنیۆ شاوێز ئه‌و‌ه‌ی به من ده‌ڵێ، ئه‌و هاوکاری ڕاینهارد بووه له سه‌فه‌ره تازه‌کانی‌دا هه‌ر بۆ ئه‌و ناوچه‌یه، ئه‌وان گۆڕی دوو منداڵیان دۆزیوه‌ته‌وه که قوربانی کراون تا ته‌ما و زێده‌خوازی ئاپۆکانی کوێستان دامرکێنن.
له‌وانه‌یه کاتێک که خوانیتا بۆ قوربانی کران هه‌ڵبژێردراوه به شکۆیه‌کی ته‌واو له سه‌رانسه‌ری ناوچه‌ی ئاند گێڕابێیان هه‌روه‌ها بردبێیانه کۆسکۆ و به ئیمپڕاتۆری ئینیکایان ناساندبێ ــ به‌ر له‌وه‌ی پێشاپێشی کۆمه‌ڵی ئاوازه‌خوان و یاماکانی نوقمی زێڕ و ژه‌نیاران و سه‌ماکه‌ران و و سه‌دان نزاکه‌ر بگه‌نه دۆڵی کۆلا و له داوێنی سه‌ره‌ولێژی ڕژدی ئامپاتو تا لێواری ئاگرپه‌ژێن وه‌سه‌ر که‌ون و لاق له‌سه‌ر سه‌کۆی قوربانگا دابنێن. ئاخۆ خوانیتا له دوا هه‌ناسه‌دا تووشی ترس و دڵه‌ڕاوکێ بووه؟ ئه‌گه‌ر ئه‌و حوزم و سه‌نگینیه‌ی له ڕووخساری ناسکی دا ده‌یبینین به شایه‌ت بگرین و له‌و شکۆمه‌ندی و غرووره‌ی بینه‌ران له ڕووخساری دا به‌دی ده‌که‌ن بدوێین، وڵام نه‌رێنییه. له‌وانه‌یه بتوانین بڵێین که ئه‌و بێ هیچ به‌رخۆدانێک خۆی به ده‌ستی چاره‌نووس ئه‌سپاردووه و له‌وانه‌شه دڵشاد بێ له‌و کۆڕه کورت و توندوتیژاوییه که ده‌یکرده ئیلاهه‌یه‌ک و یه‌ک ڕاست ده‌یبرده دنیای خودایانی ئاند و له کراسێکی به‌شکۆدا به خاکیان ده‌سپارد، سه‌ری له ژێر کۆلکه‌زێڕینه‌ی په‌ڕه چنراوه‌کان و ته‌رمی له سێ قه‌د پارچه‌ی نه‌رم و نیان له په‌شمی ئالپاکا و قاچه‌کانی له سه‌نده‌ڵی ناسکی چه‌رم داپۆشراوه.
گۆڵ به‌رۆکی زێوین، قاب و قاچاغی که‌نده‌کاری کراو و ده‌وری گوڵه پێغه‌مبه‌ره، یامایه‌کی کانزایی بچووک، کاسه‌یه‌ک چیچا (مه‌شرووبێکی ئه‌لکۆلی که له ترشاندنی گوڵه پێغه‌مبه‌ره دروست ده‌کرێ) و هێندێک که‌ل و په‌لی ناو ماڵ یان موقه‌دده‌س _ که هه‌ر هه‌موویان ساغ ماونه‌وه ــ له‌و خه‌وه‌دا که چه‌ند سه‌ده‌ی خایاندووه له لێواری ئاگرپه‌ژێن هاوڕێی ئه‌و بوون، تا ئه‌و کات که له‌پڕتاو تینێک سه‌هۆڵه‌کانی دوندی ئامپاتۆی که وه‌ک دیوارێک نیگابانی خه‌وی قورسی بوون توانده‌وه و ئه‌وی گه‌یانده باوه‌شی ڕاینهارد و ساراته.
ئێستا ئه‌و لێره‌یه، له خانووبه‌ره‌یه‌کی بچووک که هی چینی مام ناوه‌ندیه، له شارێکی بێ ده‌نگ که شوێنی له دایک بوونمه و لێره ژیانێکی تازه‌ی ده‌ست پێ کردووه که له‌وانه‌یه پێنسه‌د ساڵی تر درێژه‌ی هه‌بێ. ئه‌و له تابووته کامپیوتێرییه‌که‌ی خۆی دا که به سه‌رمای قوتبی پارێزراوه شایه‌دێکه له‌سه‌ر گه‌وره‌یی و شکۆی ڕێوڕه‌سم و باوه‌ڕه پڕنهێنییه‌کانی شارستانییه‌ته ون بووه‌کان، یان بۆ ئه‌و شێوازه توندوتیژانه‌ی که مرۆڤی نه‌زان بۆ دوورن کردنه‌وه‌ی ترس هه‌ڵیان ده‌بژارد و ئێستاش هه‌ر هه‌ڵی ده‌بژێرن.
ژێده‌ر: گۆڤاری "بخارا" ژماره 38
وه‌رگێڕ بۆ سه‌ر فارسی: عه‌بدوڵڵا که‌وسه‌ری
هه‌رمان وه‌تمانی له دایکبووی