هێرتا مولێر

و: هه‌رمان وه‌تمانی

 

hykul4pjh95n2ian4q.jpg


شه‌مه‌نده‌فه‌ر له ئیزگه‌ی راه ئاهه‌نه‌وه وه‌ڕێ که‌وت، خه‌ڵک به دویه‌وه هه‌ڵده‌هاتن و به ده‌ست ته‌کان دان خواحافیزیان له خۆشه‌ویستانیان ده‌کرد. له پشت یه‌کێک له په‌نجه‌ره‌کانی شه‌مه‌نده‌فه‌ر پیاوێکی لاو وه‌ستابوو، شووشه‌ی په‌نجه‌ره‌که ده‌گه‌یشته ژێر شانه‌کانی. ده‌سکه گوڵێکی سپی ژاکاوی به سینگێوه نابوو. نیگای سارد و بێ گیان بوو.

ژنه لاوێکی پشت کوڕ ده‌ستی مناڵه‌که‌ی گرتبوو و ده‌یبرده‌ ده‌ره‌وه‌ی ئیزگه‌ی ڕێی ئاسن. شه‌مه‌نده‌فه‌ر به‌ره‌و مه‌یدانی شه‌ڕ ده‌ڕۆیشت. ته‌له‌ویزیونم کوژانده‌وه.
له ناوه‌ڕاستی وه‌تاغ باوکم له تابوتێک دا ئۆقره‌ی گرتبوو، دیواره‌کانی وه‌تاغ پڕ بوو له تابلۆی وێنه‌کان، به جۆرێک که دیواره‌کان هه‌ر نه‌ده‌بینران، له وێنه‌یه‌ک دا باوکم تا نێوقه‌دی له‌سه‌ر کورسیه‌ک داهاتبۆوه...
وێنه‌یه‌کی تر باوکمی به جل‌وبه‌رگی زاوایه‌تییه‌وه نیشان ده‌دا، هه‌ڵبه‌ت تا نیوه‌ی سینگی له وێنه‌که‌دا دیار بوو. له به‌شێکی دیکه‌ی ئه‌و وێنه‌یه دایکم به ده‌سکه گوڵێکی سپی ژاکاو ده‌بینرا. له وێنه‌که‌دا سه‌ریان لێک نزیک کردبۆوه. هێنده لێک نزیک ڕاوه‌ستابوون که گوێیان پێکه‌وه نووسابوو.
له وێنه‌یه‌کی دیکه‌دا باوکم شه‌ق و ڕه‌ق له پشت حه‌سارێک ڕاوه‌ستابوو. به‌فر تا سه‌ر چه‌کمه‌کانی داپۆشیبوو. سپییایی به‌فر هێنده زۆر بوو که ده‌تگووت باوکم له بۆشاییه‌ک وه‌ستاوه. له‌و وێنه‌دا باوکم ده‌سته‌کانی له چه‌شنی ڕێزی نیزامی تا سه‌ر سه‌ری هه‌ڵێنابوو. له وێنه‌که‌ی قه‌راغێ باوکم بێڵێکی له‌سه‌ر شانی دانابوو. له‌ پشت سه‌ری چڵه گیایه‌کی گوڵه‌پێغه‌مبه‌ره‌ی زۆر درێژ بوو. کڵاوی سه‌ری باوکم سێبه‌رێکی گه‌وره‌ی ساز کردوبوو و ده‌موچاوی ته‌واو داپۆشیبوو.
له وێنه‌یه‌کی تر دا باوکم له پشت فه‌رمانی کامیونێک دانیشتبوو. کامیون پڕ بوو له مانگا. باوکم هه‌موو حه‌فتانه مانگاکانی ده‌برده کوشتارگه‌یه‌ک له شار. له‌و وێنه‌یه‌دا ڕووخساری باوکم کز بوو و ڕواڵه‌تێکی سارد و جیددی هه‌بوو.
له ته‌واوی وێنه‌کاندا نیگای باوکم بێ ڕۆح بوو و جۆرێک ده‌یڕوانی که ده‌تگووت هه‌ر نازانێ ده‌یهه‌وێ چ بکا. به‌ڵام به ڕاستی باوکم هه‌میشه ده‌یزانی ده‌یهه‌وێ چ بکا. هه‌ر بۆیه وام هه‌ست ده‌کرد ئه‌و وێنانه هه‌موو شتێکی به پێچه‌وانه‌ نیشان ده‌ده‌ن. ته‌واوه‌تی ئه‌و وێنانه درۆیین بوون و فه‌زای وه‌تاغیان سارد نیشان ده‌دا.
ده‌مهه‌ویست له سه‌ر کورسییه‌که‌م هه‌ستم، به‌ڵام ده‌تگووت جله‌کانم وه‌ک داری ویشکیان لێ هاتووه و به کورسییه‌که‌وه نووسابوون.
جل‌وبه‌رگێکی ناسک و ڕه‌شم له‌به‌ردا بوو. بو هه‌ر لایه‌ک ده‌ڕۆیشتم ده‌نگی ته‌قه و تۆق ده‌هات. هه‌ستام و بۆ لای باوکم چووم. ده‌ستم به ڕووخساری دا هێنا. ڕووخساری باوکم له ته‌واوه‌تی ئه‌و شتانه‌یله‌ وه‌تاغه‌که‌دا بوون ساردتر بوو.
له ده‌ره‌وه‌ی وه‌تاغ هه‌واوبان خۆش بوو. هاوین بوو. مێش هه‌ڵده‌فڕین. ڕێگه‌یه‌کی خیزاوی و پڕ له ڕه‌ڵمی قاوه‌یی له درێژایی گوند هه‌بوو. له شۆق دانه‌وه‌ی سه‌رسوورهێنه‌ری ڕه‌ڵمه‌کان چاو ماندوو ده‌بوو. له کۆتایی رێگه گۆڕستانێکی به‌ردین هه‌بوو. ‌سه‌ر گۆڕه‌کان به به‌ردی "بۆلدێر"  داپۆشرابوو. چاوم له عه‌رزی کرد. به‌ری که‌وشه‌کانم ته‌واو سوابوون و من ته‌واوی ئه‌و ماوه‌یه‌ی له‌سه‌ر په‌تی که‌وشه‌کانم ده‌ڕۆیشتم. په‌تی که‌وشه‌کانم که درێژ و قورس ببوون له دوامه‌وه له سه‌ر عه‌رزی ده‌خشکان.
دوو پیاوی کورته باڵا به بیچمێکی سه‌یره‌وه تابووتیان هه‌ڵێنا و به دوو ته‌نافی دڕاو له ماشێنی مردووکێشیان هێنایه‌ خوارێ و له گۆڕیان نا. تابووته‌که زۆر قورس بوو. ده‌ستی دوو که‌سه‌که ده‌گه‌ڵ ته‌نافه‌کان هه‌رده‌م زیاتر ده‌کێشرا. سه‌ره‌ڕای ئه‌وه که هه‌موو وڵات ویشک بوو و ئیشکه ساڵی بوو گۆڕه‌که‌ پڕ ببوو له ئاو.
یه‌کێک له‌و پیاوه کورته باڵایانه که مه‌ستی کردبوو گوتی: باوکی تۆ زۆری خه‌ڵک کوشت.
گوتم: ده‌ی ئه‌و له شه‌ڕێ دا بوو و به خاتری هه‌ر کام له‌و بیست و چه‌ند که‌سه‌ی کوشتبووی مه‌دالیایه‌کی وه‌رگرتبوو. ئه‌و پاش شه‌ڕ ده‌یان مه‌دالیای هێنابۆوه.
پیاوه کورته باڵاکه گوتی: ئه‌و ته‌نانه‌ت به‌زه‌یی به‌و ژنه‌ش دا نه‌هات که له مه‌زرای شێلمان کاری ده‌کرد و ئازاری دا. ئێمه به یه‌که‌وه بووین. هاوڕیی چوار سه‌ربازی دیکه. کاتێک که ده‌مانویست له‌وێ بڕۆین ئه‌و ژنه که خه‌ڵکی ڕووسیا بوو خوێناوی ببوو و ئێمه تا چه‌ندین حه‌وته نه‌مانتوانی ئه‌و ڕووداوه له بیر به‌رینه‌وه و ئێستاش له میشکی هه‌موومان دا ماوه.
پیاوه کورته باڵاکه له درێژه دا گوتی: وا بزانم کۆتایی پاییز بوو و گه‌ڵای داره‌کان به هۆی سه‌رما و سه‌هۆڵبه‌ندان ڕه‌ش ببوون و به‌ستبوویان.
هه‌ر قسه‌کانی ته‌واو بوون به‌ردێکی گه‌وره‌ی له سه‌ر تابووته‌که دانا.
پیاوێکی دیکه که ئه‌ویش مه‌ست و کورته باڵا بوو له درێژه‌دا گوتی: بۆ سه‌ری ساڵ چووینه ئۆپێرایه‌ک، له یه‌کێک له شاره بچووکه‌کانی ئاڵمان. ده‌نگی گۆرانی بێژی ئۆپێرا وه‌ک قیژه‌ی ژنه ڕووسه‌که به ئازار بوو، بۆیه هه‌موومان یه‌ک له دوای یه‌ک ساڵۆنه‌که‌مان جێ هێشت. به‌ڵام باوکی تۆ تا کۆتایی ئۆپێرا هه‌ر له‌وێ مایه‌وه. ئێمه تا چه‌ندین حه‌وته دوای ئه‌و شه‌وه گوێ بیسی هه‌ر ئاوازێک بووباین دیسان وه‌بیر قیژه‌کانی ئه‌و ژنه ده‌که‌وتینه‌وه که له مه‌زرای شێلم بوو.
پیاوه مه‌سته‌که له‌ شه‌ڕابی سه‌ر میزه‌که‌ی خوارد‌ه‌وه. ده‌نگی قاروقورێکی سه‌یر له زگی ده‌هات...
پاشان ئه‌ویش تاته به‌ردێکی گه‌وره‌ی هه‌ڵگرت و له‌سه‌ر تابووته‌که‌ی دانا.
ئه‌و پیاوه‌ی له ناشتنی مه‌یته‌که‌دا سه‌ری قسانی کردبۆوه و له په‌نا خاچێکی مه‌ڕمه‌ڕی سپی ڕاوه‌ستابوو بۆ لای من هات. هه‌ر دوو ده‌ستی له گیرفانی باڵتۆیه‌که‌ی دا بوو. ده‌سکه گۆڵێکی به قه‌د به‌ری ده‌ستی له کونی دوگمه‌ی باڵتۆیه‌که‌ی نابوو. گوڵێکی ناسک و جوان بوو. کاتێک گه‌یشته لای من ده‌سته‌کانی که مست کرابوو له گیرفانی ده‌رکێشا. ده‌یهه‌ویست ده‌سته‌کانی بکاته‌وه به‌ڵام نه‌یده‌توانی. له ڕووخساری دا ژان ده‌بینرا. فرمێسک له چاوانی دا خڕ بۆوه.
وتی: له‌ شه‌ڕ دا ئێوه ناتوانن له لای هاو نیشتمانانتان بن.ناتوانن فه‌رمانیان ده‌نێ...
پاشان به‌ردێکی گه‌وره‌ی له‌سه‌ر تابووته‌که‌ دانا. پیاوێکی قه‌ڵه‌و هات و له کنی ڕاوه‌ستا. سه‌ری وه‌ک لووله‌یه‌ک ده‌چوو که ڕووخساری نه‌بێ. وتی: باوکت له مێژ ساڵ بوو باجی له من وه‌رده‌گرت. کاتێ مه‌ستیم ده‌کرد پاره‌کانی ده‌دزیم. پاش وتنی ئه‌و قسانه له‌سه‌ر به‌ردێک دانیشت.
پیرێژنێکی کز و چه‌میو بۆ لام هات. له‌سه‌ر عه‌رزی دانیشت و ده‌ستی کرد به جنێودان و به نه‌حله‌ت کردنی من. جه‌ماوه‌رێک که بۆ ناشتنی مه‌یت هاتبوون له لایه‌کی تری گۆڕستان ڕاوه‌ستابوون. هه‌ستم به په‌ستی ده‌کرد. زۆر ترسابووم و سه‌رم سووڕمابوو. وام ده‌زانی ئه‌وان ئاگاداری ده‌روونمن. هه‌ستم به سه‌رما ده‌کرد. ته‌واوی چاویان له من بوو. نیگای هه‌موان سارد بوو. ده‌تگوت چاویان زه‌ق ببوو و هیچ هه‌ستێکیان له نیگا دا نه‌بوو. پیاوه‌کان تابووتیان به‌سه‌ر شانیان‌دا ده‌برد و ژنه‌کان ده‌سحێبه‌کانیان ڕاده‌وه‌شاند و ده‌نگیان لێ ده‌ردێنا.
ئامۆژیارێک که به‌ڕێوه‌به‌ری مه‌یت ناشتن بوو لکی خونچه گوڵێکی هه‌ڵگرت و گه‌ڵاکانی که به سووری خوێن بوو په‌ڕ په‌ڕ کرد... به ده‌سته‌کانی ئیشاڕه‌تی دامێ و من حاڵی بووم که ئێستا وه‌ختی وه‌ی هاتووه قسه بکه‌م. ته‌واوی چاویان له من بوو. به‌ڵام من ته‌ناته‌ت وشه‌یه‌کیشم له مێشکی دا نه‌بوو بۆ وتن. وام هه‌ست ده‌کرد چاوم ده‌رده‌په‌ڕێ. ده‌ستم له سه‌ر زارم دانا و قامکه‌کانم جووت. به جۆرێک که جێگه ددانم له پشت ده‌ستم دیار بوو. ده‌تگووت ددانه‌کانم گه‌رم بوون. وام هه‌ست ده‌کرد خوێن له له‌شم دا هه‌ڵده‌گه‌ڕا.
کراسه‌که‌م به هۆی تووندی با ده‌جوڵایه‌وه. قۆڵی کراسه‌که‌م دڕا. هه‌وا لێڵ و ڕه‌ش ببوو.
پیاوێک له پشت به‌ردێکی گه‌وره پاڵی به گۆچانه‌که‌یه‌وه دابوو. قۆڵی کراسه‌که‌می له حه‌وادا به تفه‌نگه‌که‌ی نیشانه گرت و ته‌قه‌ی کرد. کاتێک که قوڵی کراس له پێش لاقی من و له‌سه‌ر عه‌رزی که‌وت پڕ بوو له خوێن. هه‌موو ئه‌و که‌سانه‌ی له‌وێ بوون چه‌پڵه‌یان بۆ لێدا.
ده‌ستم ڕووت ببوو. وا هه‌ست ده‌کرد ده‌ستم شه‌پڵه لێی داوه و وه‌ک له‌تکه به‌ردێک له حه‌وای دا ماوه‌ته‌وه. ئامۆژیار ده‌ستی به نیشانه‌‌یه‌ک ته‌کان دا و چه‌پڵه لێدان کۆتایی پێ هات.
وتی: ئێمه شانازی به‌و جه‌ماوه‌ره ده‌که‌ین که له ده‌وری یه‌ک کۆمان کردوونه‌وه. به‌خته‌وه‌ریی و سه‌رکه‌وتنی ئێمه، له نه‌مان و فه‌وتان ڕزگارمان ده‌کا. ئێمه ئیزن ناده‌ین سووکایه‌تیمان پێ بکرێ. ناهێڵێن به سووک و چرووکمان دانێن و بۆختانمان بۆ هه‌ڵبه‌ستن. به ناوی کۆمه‌ڵگای ئاڵمانییه‌کان ئه‌تۆ مه‌حکوومی به مه‌رگ.
هه‌موو تفه‌نگه‌کانیان بۆ لای من نیشانه گرت. ده‌نگێکی گه‌وره و ناخۆشم گوێ لێ بوو. هه‌ستم ده‌کرد هه‌ڵدێراوم و هیچ کات ناکه‌ومه زه‌وی. ده‌تگووت له حه‌وای دا سه‌ره‌موقلات لێده‌ده‌م. وه‌ک وه‌ی که له پشت سه‌ریان له حه‌وای دا هه‌ڵاوه‌سرابێم.
به هێوری ده‌رگاێکم پاڵ پێوه‌نا تا بکرێته‌وه. دایکم چرای هه‌موو دیوه‌کانی هه‌ڵکردبوو. میزێکی گه‌وره له‌ هۆده‌که‌دا بوو که ته‌رمێکی له‌سه‌ر بوو. ئه‌و میزه له میزی قه‌سابخانه ده‌چوو. ده‌ورێکی سپی به‌تاڵ و گوڵدانێکی به ده‌سکه گۆڵێکی سپی ژاکاو له سه‌ر بوو.
دایکم جل و به‌رگێکی ڕه‌شی ناسکی له‌به‌ر کردبوو. چه‌قۆیه‌کی گه‌وره‌ی به ده‌سته‌وه بوو و له پێش ئاوێنه ڕاوه‌ستابوو. به‌و چه‌قۆ گه‌وره‌یه پرچه پڕه بۆره‌که‌ی ده‌بڕی. قژه بڕاوه‌کانی به دوو ده‌ستی گرت و بۆ لای میزه‌که‌ی برد و ڕاست له‌سه‌ر وێی دانا.
دایکم گوتی: ئه‌وه‌نده‌ عومره‌ی ماومه تازه ڕه‌ش پۆش ده‌مێنمه‌وه. سه‌ری پرچه‌که‌ی دیکه‌ی ئاور تێبه‌ردا. ئاور گه‌یشته ئه‌و سه‌ری دیکه‌ی موویه‌کان که له‌سه‌ر میز بوو. موویه‌کان وه‌ک فتیله‌ی دینامیتێک ده‌سووتان و هه‌ر ده‌هات په‌ره‌ی ده‌گرت.
گوتی: له ڕووسیا ئه‌وان سه‌ریان تاشیم و ئه‌وه که‌مترین سزایان بوو. له برسان تلاوتل ده‌ڕۆیشتم. کاتێک بوو به شه‌و ئه‌من گه‌یشتبوومه مه‌زرای شێلم. سینگه خشکه ده‌چوومه پێش. نیگابانێک تفه‌نگ به ده‌ست له‌وێ بوو ئه‌گه‌ر منی دیتبا ته‌قه‌ی لێ ده‌کردم و ده‌یکوشتم. مه‌رزا ویشکی ویشک بوو. کۆتایی وه‌رزی پاییز بوو و گه‌ڵای شێلم له سه‌رمان ڕه‌ش و سیس هه‌ڵگه‌ڕابوو.
ئیتر دایکم چاک نه‌ده‌دیت. قژه‌کانی هه‌روا خه‌ریکی سووتان بوون. هۆده‌که پڕ بوو له دووکه‌ڵ.
دایک وتی: ئه‌وان ده‌تکوژن. ده‌گه‌ڵ دایکم یه‌کترمان به زۆری ده‌دیت. ناو هۆده‌که پڕ بوو له دووکه‌ڵ. ده‌نگی لاقیم گوێ لێبوو که لێم نزیک ده‌بۆوه. ده‌سته‌کانم درێژ کرد و به کوێره کوێر بۆ لای ڕۆیشتم. له نه‌کاو به ده‌سته ئیسکاوییه‌کانی پڕی به قژم داگرت و مووه‌کانمی په‌رێشان کردم. له ترسان هاوارم کرد.
له‌نه‌کاو چاوم کرده‌وه. هۆده‌که له سه‌ر سه‌رم ده‌سووڕا. له بازنه‌یه‌ک له گوڵی سپی دا ڕاکشابووم. ده‌تگووت له نێو ئه‌و گوڵانه‌دا زیندانی کراوم. وام هه‌ست ده‌کرد بینای ماڵ به‌راوه‌ژوو بووه و ته‌واوی ئه‌و شتانه‌ی تێی دایه هه‌ڵڕێژراونه خواره‌وه.
سه‌عاته قورمیشێکه‌م زه‌نگی لێده‌دا، کاتژمێر پێنج و نیوی شه‌ممۆ بوو.